ولاَتى گه‌نده‌ڵكاران


ئارام گه‌ردى كوردستان سه‌ره‌رِاى كۆمه‌ڵیَك گۆرِانكارى ئیجابى له‌ پرِۆژه‌ و ئاوه‌دانى و جوانكاری ، یه‌كیَكه‌ له‌و ناوچانه‌ى كه‌ به‌ ده‌ست گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ ده‌ناڵیَنىَ ، به‌ داخه‌وه‌ حكومه‌تیش هیچ هه‌نگاویَكى ئه‌وتۆى نه‌هاویشتووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى . تا دیَت گه‌نده‌ڵكاران ده‌وڵه‌مه‌ندتر و خۆشگوزه‌رانتر ، هاولاَتییانى ساده‌ش په‌رِپووتتر ده‌بن . نازانم حكومه‌تى كوردستان بۆ تا ئیَستا جورئه‌تى ئه‌وه‌ى نه‌كردووه‌ لیژنه‌ى له‌ بیَژنگدان پیَك بهیَنیَت ؟ خۆ ئه‌وه‌ ئاواتى هه‌موو كوردیَكه‌! له‌ سایه‌ى گه‌نده‌ڵییدا ،خه‌ڵكانیَك بوونه‌ته‌ ساحیَب پوول و پاره‌ ،كه‌ قرووشى سووتاو ناهیَنن ، مه‌سوول ده‌ناسم چه‌ند ساڵیَك له‌مه‌وبه‌ر جگه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ى كۆترى عه‌نبه‌رى هیچ كاریَكى ترى نه‌ده‌زانى ،ئیَستا به‌ قودره‌تى قادر به‌ڵیَنده‌رایه‌تى پرِۆژه‌یه‌كى سه‌د ده‌فته‌رى پیَ سپیَردراوه‌ ،جگه‌ له‌ خۆى زه‌وى ئیستسناى بۆ خه‌سوه‌كه‌شى وه‌رگرتووه‌! به‌بۆنه‌ى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ كوشنده‌یه‌ ،وه‌ده‌ستهیَنانى زۆربه‌ى پیَداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى ژیان بۆته‌ قه‌یران ،لىَ ئه‌و گه‌نده‌ڵكارانه‌ نه‌ك هه‌ر ئه‌زیه‌ت ناكیَشن بۆ ئه‌و پیَداویستییانه‌ به‌ڵكو به‌ (كون فه‌یه‌كون)یَك وه‌كو ئه‌وه‌ى چراى سیحرییان له‌ لابیَت ،بۆیان دابینكراوه‌ ، كاره‌باو ئاویان فول،سووته‌مه‌نى به‌هه‌ر سىَ موشته‌قاته‌كانیه‌وه‌ لیَنه‌برِاو ،ته‌نانه‌ت هه‌ندیَكیان ده‌ناسم كچه‌ عه‌ره‌بیشیان له‌ مشه‌یه‌ . به‌ داخه‌وه‌ زۆر ره‌شبینم كوردستانیَكى دوور له‌ گه‌نده‌ڵى ببینم ،ئاخر ده‌سه‌لاَت كه‌ خۆپیشاندانى خه‌ڵك به‌ گیَره‌ شیَویَنى و گله‌یى هاولاَتییان به‌ نارِه‌وا له‌ قه‌ڵه‌م بدات ،چۆن ئه‌و هه‌ریَمه‌ له‌ گه‌نده‌ڵى پاك ده‌بیَته‌وه‌! ،سه‌روه‌ختى ده‌سه‌لاَتى رژیَمى به‌عس خه‌ڵك بیَده‌نگ كرابوو ،به‌لاَم ئیَستا ده‌نگى بیَبه‌ها كراوه‌ ،به‌ بۆچوونى خۆم ئه‌وه‌ى دووه‌میان مه‌رگه‌ساتتره‌ ،ئاخر له‌ سایه‌ى بیَ نرخ كردنى ده‌نگ ،گویَچكه‌ى حكومه‌ت كه‌رِ بووه‌ ، تا ئیَواره‌ هاولاَتى هاوار بكات بیَسووده‌ . ئینسان ئه‌وه‌نده‌ بیَویژدان نه‌بیَت ،قسه‌یه‌كى خیَریش بۆ دز بكات ! گه‌نده‌ڵى ئیجابیاتى خۆشى هه‌یه‌ ، بۆ نموونه‌ گه‌نده‌ڵى وا ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندى نیَوان به‌رپرسى یه‌كه‌م و به‌رپرسى حیسابات له‌ لوتكه‌ دا بیَت ،وه‌سڵى به‌تاڵ زۆر سه‌رف بیَت ، مه‌زرعه‌ و باڵه‌خانه‌و ڤیَلاى جوان دروست ببیَت كه‌ دیمه‌نیَكى قه‌شه‌نگ به‌ شار ده‌ده‌ن! كابینه‌ى پیَنجه‌مى حكومه‌تى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى هیَژا نیَچیرڤان بارزانى ،به‌رپرسه‌ له‌ دانانى سنووریَك بۆ ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ ،به‌پیَچه‌وانه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ریَژنه‌ى ره‌خنه‌ى خه‌ڵك و ناویان له‌ تۆمارى میَژوو به‌شیَوه‌یه‌كى باش نانووسریَته‌وه‌ . با گله‌ییه‌كیش له‌ هاولاَتى بكه‌ین ،زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى ره‌خنه‌ له‌ گه‌نده‌ڵى ده‌گرن ،پاشان كه‌ خۆیان پۆست وه‌رده‌گرن گه‌نده‌ڵتر ده‌بن ، بۆیه‌ با ئیَمه‌ له‌ سۆنگه‌ى خۆشه‌ویستى نیشتمانه‌وه‌ ره‌خنه‌ بگرین و ویژدانى به‌رپرسه‌كانمان (ئه‌گه‌ر هه‌یانبیَت) بهه‌ژیَنین .